سەرەتای ئەم چیرۆكەمان لە فڕۆكەخانەی سخێپهۆڵەوە لە نزیك ئەمستەردامەوە دەست پێدەكات، ساڵی ١٩٩٨ كە بۆ دووەمجار دەمویست بگەڕێمەوە بۆ كوردستان. ئەوكات لە ناو گەلێك كێشەو گرفتی گەورەی ژیاندا نوقمبووبووم، ڕۆژگارێك دەژیام بەسەختی لە دڵەوە پێكرابووم و باوەڕم بە شتێك نەمابوو، هەر لەو هەفتەیەدا ژنەكەم بێهۆ تەڵاقنامەیەكی لە دادگاوە بۆ ناردم و نێوان من و ئەو بۆ هەتاهەتایە كۆتاییهات. بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە و سەرپەرشتیكردنی منداڵەكانم، دەبایە لە ڕێگای شامەوە بگەڕێمەوە بۆ وڵات. لە بەردەم نوسینگەكانی هێڵی ئاسمانی سوریدا، سێ ڕیز خەڵك جانتاكانیان باردەكرد، من لە ڕیزی دەستە ڕاستدا وەستابووم كە دەنگێك هاواری لێكردم: مامۆستا … مامۆستا، بەڕێز، بەڵێ لەگەڵ تۆمە، ئا بەڵێ جەنابت، بەڵێ، تۆ كوردیت؟ مامۆستا گیان من دەتناسم، نا بە هەڵەدا نەچووم … وانییە، تۆ مامۆستای نوسەر عەلی شەرەفیاریت، وا نییە.. تۆ ئەو نیت؟
كوڕێكی گەنج بوو، سەرتاپای جلی سپی بوو، تی شێرتێكی سپی «لەوانەی یاریزانەكانی گۆلف لەبەریدەكەن» ، پانتۆڵێكی سپی، جووتێك پێڵاوی بریقەداری سپیشی لە پێدابوو. ڕیزێك خەڵك لە نێوانماندا بوو، ئەو لە بەردەم كچەكەدا بوو كە جانتاكان دەكێشێت، پێدەچوو شتێكی زیادی هەبێت و خانمی هێڵە هەواییەكە بوارینەدات دەرچێت، من هیچی ئەوتۆم لەگەڵ خۆمدا نەهێنابوو، جانتایەكی چكۆلانە نەبێت، جلی خەوتن و دەرمانی دان و كەلوپەلی ڕیشتاشینەكەمی تێدابوو. من گووتم: بەڵێ من ئەوم، عەلی شەرەفیارم فەرموو دەتوانم چیت بۆبكەم؟. شتەكان كەمێك ئاڵۆزكاو و ناڕێك هاتنە بەرچاوم، من كەیفم بەوە نەدەهات لەسەفەردا خەڵكی ناسیاوم لەگەڵدابێت، لە منداڵییەوە حەزم لەسەفەرە بە تەنیا، پاشان زۆربەی ئەوانەی لەسەفەردا تووشیان دەهاتم هێندەی كێشەیان بۆ دروستدەكردم یارمەتیان نەدەدام. كوڕێكی گەنج بوو، چوار خاڵی سووری چكۆلانە، وەك ئەوەی پاشماوەی چوار دڵۆپ خوێنی زۆر دێرین و كاڵەوەبووبێت لەسەر لاملی بوون، كوڕێكی چاوشینی جوان بوو، نەمزانی ئاخۆ شتەكانی خۆی لە شوێنی باركردنەكەوە ڕەوانەكرد یاخود نا، پێدەچوو بینینی من كەمێك شپرزەیكردبێت، ئاگادار بووم لە ڕیزەكە هاتەدەرێ و گووتی: مامۆستا تۆ دەگەڕێیتەوە بۆ كوردستان؟ وا نییە تۆ دەگەڕێیتەوە بۆ ئەوێ؟. من گووتم: بەڵێ عەزیزم، بەڵێ، من دەگەڕێمەوە بۆ كوردستان.
زەرفێكی سپی دامێ و گووتی: ئەگەر دەتوانیت، ئەگەر بە ئەرك نابێت، ئەم زەرفەم بۆ بەریتەوە بۆ ئەوێ، چونكە من دەچم بۆ شارێكی تر، شارێكی زۆر دوورتر لەوێ، هێند دوور كە كەس دەستی ناگاتێ، دەبێت یەكێك هەبێت ئەم زەرفەم بۆ بگەێنێتەوە كوردستان و بیداتە دەست كچێك بە ناوی ڕەوشەنی مستەفا سەقزییەوە. ناونیشانەكەی لەسەرە، ژمارە تەلەفوونەكەشی لەسەرە.
 بەوەدا كورد دەرمان و شامپۆ و پێڵاوو كرێمی دەموچاویان لە هەر شت زیاتر لە ئەوروپاوە دەناردەوە بە بێزارییەوە گووتم: دەرمانی فشاری خوێنە؟ زەیتی قژە؟ شامپۆی پانتینە یاخود چی؟.
سەری باداو گووتی: نا مامۆستا، نا … ئەمە شتێكی ترە، ئەمە مۆسیقایە، ڕەوشەنی مستەفای سەقزی مۆسیقارە، قوتابی پەیمانگایە، من لە هەموو قۆناغەكان نمونەم بۆ ناردووە، لە هەموو قۆناغەكان.
كۆمەڵێك دەفتەری نۆتە و سی دی بوون ، هەموویانی لە زەرفەكە دەرهێناو گووتی تەماشابكە، لە هەموو قۆناغەكانی مێژووی مۆسیقا نمونەم بۆ هەڵبژاردووە، لە ڕینیسانس »ئەمیلیۆ دی كاڤالێری» م بۆ هەڵبژاردووە لەگەڵ »گیۆڤانی پیرلۆگی دە پالاسترینا«. لە قۆناغی »بارۆك« دەزانم حەزی لە »ئەنتۆنیۆ ڤیڤالدیی« ـە، نمونەیەكی تریشم بۆ ناردووە »هێنری پۆرسێلی«. لە كلاسیكەكان »هایدن « و مۆزارت« م بۆ ناردووە، لە ڕۆمانتیكەكان »گیۆشینۆ ڕۆزینی«، ئا ڕۆزینی مەزن، كە خۆم زۆر حەزم لێیەتی لەگەڵ »میندلسۆن« و »جۆن شتاینەر«دا، هەتا لە نوسەرە مۆسیقییە مۆدێرنەكانیش شتم بۆ ناردووە »بنیامین بریتن«م بۆ ناردووە، »دۆناتۆس هاوس«م بۆ ناردووە، »ماركۆس شتۆك هاوزن«م بۆ ناردووە. مامۆستا شەرەفیار لە تۆ باشترم دەستناكەوێت، ئەم شتانەی پیابنێرمەوە، لە تۆ باشترم دەستناكەوێت.
 من گووتم: ئەگەر ژمارەی تەلەفونەكەی لەسەر بێت، بەچاوان، گرنگترین شت ژمارەی تەلەفونەكەیە.