ژنانی شاعیر و دیسكۆرسی فێمێنیستی
شه‌هلا ده‌باغی
له ده‌یه‌كانی80-90دا نووسینی شیعر له لایه‌ن ژنانی كورده‌وه به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو ده‌ستیپێكرد و ئه‌و شیعرانه به شێوه‌یه‌کی ڕادیكاڵ و بناخه‌یی خۆ له شیعری شاعیرانی پیاو جیاده‌كه‌نه‌وه. به‌هۆی ئه‌وه كه ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی به‌گشتی له‌ناو ئه‌ده‌بی كوردیدا لاوازه، شیعری شاعیرانی ژن به شێوه‌یه‌كی ئاكادێمی قسه‌ی له‌سه‌ر ناكرێت. هه‌تا ئێستا نووسینی ژنان له په‌راوێزی شیعری پیاواندا، وه‌لاده‌نرێت. به‌گشتی زۆر جار ده‌بیسین كه ده‌گوترێ ژنان له زمان و شیعر هیچ نازانن. به‌داخه‌وه تا ئێستا به شێوه‌ی زانستی و ئاكادێمی شیعری شاعیرانی ژن له كوردستان نه‌چۆته پای هه‌ڵسه‌نگاندنێكی ئاکادێمی/ ئه‌ده‌بی.
كاتێك بۆ نووسینی ئه‌و كاره به‌دوای ماتێریال و نووسراوه‌دا گه‌ڕام، چ به شێوه‌ی ڕه‌خنه، وتار له كتێب و گۆڤاره‌كاندا بێ، و چ له ئینته‌رنێتدا، هیچ توێژینه‌وه‌یه‌كم به‌دی نه‌كرد. ته‌نیا ژماره‌یه‌کی تایبه‌تی گۆڤاری تاڤگه نه‌بێ كه تایبه‌ت بوو به مه‌رگی شاعیری جوانه‌مه‌رگ ژیلا حوسێنی. له‌و ژماره تایبه‌تییه‌دا زیاتر باسی ژیانی ژیلا كراوه و هه‌روه‌ها چه‌ند نووسراوه‌یه‌كی خودی ژیلای تێدا چاپكراوه. كه هه‌ڵبه‌ته ئه‌و كاره، جێگای ڕێز و پێزانینه. له سه‌رده‌مێكدا كه زۆر كه‌س خودی "بوونی" ژن نابینن، چ بگا به نووسینه‌كانیان. له گۆڤاری تاڤگه‌دا ته‌نیا داستانی "زستان" هه‌ڵسه‌نگاندنێكی کورتی له‌سه‌ر كراوه.
به‌داخه‌وه، زمانی كوردی زمانێك نییه كه له دونیای ئاكادێمی
ڕۆژائاوادا توێژێنه‌وه‌ی پێ بكرێت. هه‌ربۆیه ئه‌و كاره‌ی من چه‌ند ئامانجی
هه‌یه:
1. هه‌ڵسه‌نگاندنێك بێ له‌سه‌ر شیعری ژنانی كورد به زاراوه‌ی
سۆرانی.
2. ناساندنی هه‌ر نه‌بێ چه‌ند شیعرێكی ژنی كورد به سویدییه‌كان و
ئه‌وه كه ئه‌و شاعیرانه به‌شێكن له ئه‌ده‌بی جیهانی.
له سوید له ساڵی 1991دا كتێبێك به ناوی "بۆنی هه‌وره‌كانی وڵاتی من"، بڵاوكراوه كه 30 شیعر له 14 شاعیری پیاوی كورد ده‌به‌ر ده‌گرێ كه كراونه‌ته سویدی. ته‌نانه‌ت یه‌ک شیعر له شاعیرانی ژنی تێدا نییه.
نوخته‌حه‌ره‌كه‌تی من ئه‌وه‌یه كه ئه‌و شاعیرانه پێكه‌وه به نووسینی
خۆیان وێڕای جووڵانه‌وه‌ی ژنان، "دیسكورسێكی فێمێنیستی" پێكدێنن و ده‌خوازن كه
پۆزێشوونی ژن له كۆمه‌ڵگه‌دا بگۆڕن. بۆ ئه‌و كاره من سێ شیعرم له سێ شاعیر، له
ڕۆژهه‌ڵات و له باشووری كوردستان به زاراوه‌ی سۆرانی كه بۆخۆم به ئه‌و زاراوه‌یه
ده‌نووسم و ده‌دوێم، هه‌ڵبژاردووه. شیعره‌كان بریتین له:
- چه‌ند كۆپله‌یه‌ک
له شیعری وته‌كانی وتن، كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د، له كتێبی وته‌كانی وتن (سوله‌یمانی،
ساڵی1999)
- پڕسیار، ژیلا حوسێنی (1963- 1995)، له كتێبی گه‌شه‌ی ئه‌وین (سنه،
ساڵی1374)
- شیعری جه‌ژن و جه‌نگ كه سارا فه‌قێ خدر، خه‌ڵكی قه‌ڵادزێ، به
ده‌ستنووس وێڕای نامه‌یه‌ک بۆ دۆستێكی خۆی له ستۆكهۆڵم ناردبووی. من شیعره‌كه‌م
له‌و خۆشه‌ویسته وه‌رگرت.
T. Moi له هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆی سه‌باره‌ت به نووسینه‌كانی سیمون دیبوڤار
له كتێبی "چۆن ژنێكی ڕۆشنبیر درووست ده‌کرێ" (1996)، له چه‌مكێك/ ته‌رمێك به ناو
diskursivt nätverk، (شبكه‌گفتاری)، كه‌ڵك وه‌رده‌گرێ. واته مۆی ته‌واوی
نوسینه‌كانی سیمۆن دیبوڤار له په‌نا یه‌كتر و له به‌رامبه‌ر یه‌كتریان داده‌نێ تا
لێكدابڕان (گسست)، وێكچوون (شباهت) و دژایه‌تی له تێكستدا، له نووسینه‌كانی
ڕابردوودا نیشان بدات و سیمۆن وه‌ك نووسه‌رێك هه‌ڵسه‌نگێنێ.
من شێوه‌كاری مۆی
به‌سه‌ر شیعری سێ شاعیری ژنی كورد ته‌تبیق ده‌ده‌م و تێكسته‌كانیان له په‌نا
یه‌كتر و له به‌رامبه‌ر دیسكۆرسی ده‌سه‌ڵات و ساختاری فكری/ كۆمه‌ڵایه‌تی،
داده‌نێم بۆ ئه‌وه كه بزانم له نووسینی ئه‌و شاعیرانه‌دا چی دێته
گۆڕێ.
كاتێك من باس له‌وه ده‌كه‌م كه ژنان به نووسینی خۆیان دیسکۆرسێكی فیمێنیستی سازده‌كه‌ن، ده‌كرا كه چاو له نووسینه‌كانی تر وه‌ك داستان، رۆمان، هتد بكه‌م. به‌ڵام به بڕوای من شیعر زیاترین ڕاده‌ی به‌رهه‌می ژنان پێكدێنن و بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنێكی ئه‌ده‌بی/ سیاسی ده‌ستده‌ده‌ن. له‌م لێكۆلینه‌وه‌ی مندا باسی لایه‌نه‌كانی ئێستێتیكی شیعره‌كان ناكرێت، به‌ڵكو ته‌نیا لایه‌نی په‌یام و مه‌زموونی شیعره‌كان باس ده‌كرێت. تا ئێستا ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم، هه‌ڵسه‌نگاندنێكی ئه‌ده‌بی ئاكادێمی به مێتۆدی فێمێنیستی، له‌سه‌ر شیعرێكی كوردی نه‌كراوه. له‌و كاره‌دا بیۆگرافی ئه‌و شاعیرانه نایه‌ته گۆڕێ. (ته‌نیا ساڵی له‌دایكبوون و له‌دنیاڕۆیشتنی ژیلا هاتووه.)
من هه‌وڵده‌ده‌م كه "خوێندنه‌وه‌یه‌كی فێمێنیستی له ده‌ق" (تێكست)
بده‌مه‌ده‌ست. بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و تێكستانه له تێیۆریه‌كانی M. Foucault
سه‌باره‌ت به "ده‌سه‌ڵات"، سۆسیۆلۆژی كانادایی Smith "تێیۆری مۆزێعی" و پێناسه‌ی
Edward Said له چه‌مكی "ڕۆشنبیر"، كه‌ڵك وه‌رده‌گرم و تێكه‌ڵاوی باسه‌كه‌میان
ده‌که‌م.
چه‌مكی به‌رداشت، (خوێندنه‌وه، Interpret) له تێكست بۆ من هه‌ر
هه‌مانه كه Ehn باسی ده‌كا: "ئه‌وه‌كه بگوترێ به‌رداشت چییه كارێكی ئاسان نییه.
ده‌كرێ بێژین كه به‌رداشت هیپۆتێزێكه كه باسی مه‌زموون و ناوئاخن ده‌كا. توێژێر
كۆده‌كان ده‌خوێنێته‌وه، مانایه‌ك ده‌داته‌ده‌ست و ڕسته ئازاد
ده‌كا."
شوێنی پیرۆزی شیعر
دوای ساڵیانی ساڵ خوێندنی ڕه‌خنه، رۆمان و شیعر،
تا ئێستاش بۆ من شیعر ده‌قێكه كه بتوانێ ڕۆحت بهه‌ژێنێ، له یاد و مێشكدا
بمێنێته‌وه و جێپێی خۆی به‌جێ بهێڵێ:
"سۆفی گۆشه‌ی خانه‌قابووم، ئێستا پیری مه‌یكه‌ده‌م
زاهیدی
خه‌ڵوه‌نشین بووم، ئێستا مه‌ست و مه‌یزه‌ده‌م"
(به‌ره‌و ئاسۆ له ناڵه‌ی
جودایی،1979)
/..../
شیعر له كورده‌واریدا به‌گشتی ئه‌ركێكی گرانی خستۆته ئه‌ستۆ. هیچ جێگای
سه‌رسووڕمان نییه كه ژنانی كورد كه هه‌میشه له‌ژێر زه‌خت و چه‌وسانه‌وه‌دا بوون،
ژیانی ڕۆژانه ده‌که‌نه تێكست تا بتوانن ساختاری ده‌سه‌ڵات بێننه ژێر ڕه‌خنه و
به‌دوای كه‌سایه‌تی خۆیاندا ده‌گه‌رێن. ئه‌گه‌ر جاران شاعیری ژنمان زۆر نه‌بووه،
ئێستا له به‌راوه‌رد له‌گه‌ڵ پێش 1980، نوسینی ژنان زۆر زیاتره. وه‌ك
قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستانی پیاو، ژنانیش زیاتر خۆ به شیعره‌وه خه‌ریك ده‌كه‌ن.
جه‌زابییه‌تی شیعر به‌شێكی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌وه كه ڕۆماننووسین له لای ئێمه
به دره‌نگی وه‌ڕێكه‌وتووه و هۆیه‌كی‌تر ده‌توانێ ئه‌وه بێ كه له‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه
كه خوێنده‌واری زۆر نییه، ئه‌ده‌بی زاره‌كی ڕۆڵێكی به‌رچاوی بووه و میراتی
كه‌لتوری، زار به زار ده‌گاته جیله‌كانی‌تر. لێره‌دا شیعر به هاسانی ده‌كه‌وێته
سه‌ر زاران و په‌یامه‌كان بڵاوده‌بنه‌وه. هۆی تریش ده‌توانی ئه‌وه بێ كه شیعر
به جوانی، موسیقا و كێشه‌ی خۆی، توانیویه‌تی ببێته شه‌مێک و ڕێگا نیشان بدا. بۆ
وێنه له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی 20دا ژنانی كرێكاری سویدی به ناردنی شیعر، نامه و
داستانی كورت ده‌یانتوانی ده‌نگی خۆیان به كۆمه‌ڵ ڕابگه‌یێنن.
هه‌ر ئه‌و
دیارده‌یه له كوردستان ده‌بینین. شیعرنووسینی ژنان جێگایه‌كی تایبه‌تی بۆخۆی
وه‌ده‌ستهێناوه. تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی شیعر ڕێگاده‌ده‌ن كه له ڕێگای ئه‌و مێدیۆمه،
سه‌ددی سانسۆر و كۆنترۆڵ بشكێ. شاعیرانی كورد، فارس، عه‌ره‌ب، زۆر جار توانیویانه
په‌یامی خۆیان له تاریكترین ساته‌كاندا به خه‌ڵك بگه‌ینن:
"ئاخ، ئه‌گه‌ر ئازادی سروودێكی ده‌خوێند
بچووك
ته‌نانه‌ت
بچووكتر
له گه‌رووی باڵنده‌یه‌ك!"
شیعری نوێی كوردی به شیعری یه‌كێك له گه‌وره شاعیرانی كورد، واته ماموستا گۆران (1905-1962)، خۆ له شیعری كلاسیك جیاده‌كاته‌وه. ماموستا گۆران له‌ژێر كاریگه‌ری شیعری ئینگلیسی، ڕێگایه‌كی تازه‌ی بۆ ده‌ربڕینی بیره‌كانی جیلی جه‌وان له جیهانی شیعردا كرده‌ووه. به‌دوای گۆران دا بوو كه له فۆرم و ناوئاخنی شیعری كوردیدا ئاڵوگۆڕ پێكهات و چه‌ندان شاعیر به شێوه‌یه‌كی تازه و نوێ، به زاراوه‌ی سۆرانی ده‌ستیان كرد به نووسین. مه‌به‌ستم له شێوه‌ی تازه ئه‌وه‌یه كه ئیتر وه‌زن و قافیه و فۆرمی شیعری كلاسیك وه‌ك جاران، نه‌ما. هه‌روه‌ها، تێما، پرسیار و بابه‌ته‌كانی شیعر له چه‌شنی‌تر بوون. ئیتر ته‌نیا باسی ئه‌وین نه‌بوو كه له سه‌ری ده‌نووسراو بیر و هه‌سته‌كانی جۆراوجۆری تاك، individuality له نووسیندا جێگای خۆیان كرده‌وه.
زاراوه‌ی سۆرانی له چه‌ند لاوه كاریگه‌ری پێوه دیاره. له ڕۆژهه‌ڵات كه‌لتور، ئه‌ده‌ب و شیعری فارسی و له باشوور شیعر و زمانی عه‌ره‌بی كاریگه‌ری به‌رچاویان له‌سه‌ر شیعر به زاراوه‌ی سۆرانی داناوه. له باشوور به‌هۆی خوێندن به زمانی كوردی، دوای ساڵانی 1971 و هه‌بوونی زانكۆ ، گۆڤار، ڕۆژنامه، هتد به زمانی كوردی، ده‌كرا به كوردی شیعر بڵاوبێته‌وه.
ئه‌گه‌رچی زمانی كوردی قه‌ت زمانی ڕه‌سمی نه‌بووه، به‌ڵام ئه‌و زمانه توانیوێتی خۆی ڕابگرێ. هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و ئاواتی سه‌روه‌ری كورد له‌و هۆكارانه بوون. كێوه بڵینده‌كان و جوگرافیای تایبه‌تی كوردستان بۆ مانه‌وه‌ی زمان هۆیه‌كی‌تر بووه. به‌ڵام دیاره كه که‌لتور و سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تانی باڵاده‌ست، شوێنی تایبه‌تی له‌سه‌ر زمانی كوردیدا بووه، به‌تایبه‌ت دوای دابه‌شكردنی كوردستان له په‌یمانی لۆزان و دواتریش په‌یمانی سیڤه‌ر.
شیعر به شێوه‌ی سه‌رزاری، له‌ناو ژنی كورددا هه‌میشه بووه. به‌ڵام دوای ساڵانی1960 و چوونه قوتابخانه‌ی كچان به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو، نووسینی ژنانی كورد به‌گشتی ده‌ستیپێكرد. هه‌روها هێندیك یاسا گۆڕانكاریی‌یان به‌سه‌ردا دێت و ژنانی ناسراوی نه‌ته‌وه‌کانی‌تر، كاریگه‌ریی‌ان كردۆته سه‌ر ژنانی كورد. فه‌روغ فه‌روخزاد (1933-1965)، شاعیری گه‌وره‌ی فارس‌زمان یه‌ك له‌وانه‌یه. ده‌كرێ بڵێین كه فه‌روغ هه‌مان ڕۆڵی هه‌یه كه ئێدیت سۆدێرگران له ساڵانی 1900 له سوید هه‌یبوو. ئێستاش هه‌رچی زه‌مان ده‌ڕوا، به‌رزی فه‌روغ زیاتر و زیاتر ده‌رده‌كه‌وێ. به‌داخه‌وه فه‌روغ زۆر به جه‌وانی له دونیا ڕۆیشت و ته‌نیا 32 ساڵ ژیا. به‌ڵام هه‌ر ئه‌و جۆره كه خۆی ده‌ڵێ:
"ده‌نگ، ده‌نگ، ته‌نیا ده‌نگ
ته‌نیا ده‌نگه ده‌مێنێ
كه‌س منی به
خۆر نه‌ناسان
كه‌س منی بۆ میوانی چۆله‌كه‌كان بانگ نه‌كرد
فڕینت وه‌بیر
بێ
باڵنده ده‌مرێت."
ئانالیزی شیعره‌كان
چه‌ند كۆپڵه‌یه‌ك له شیعری "وته‌كانی وتن"،
كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د، كتێبی "وته‌كانی وتن":
"شاخ هێنده لووتبه‌رزه
دڵی لای كه‌س ناكاته‌وه
ئه‌ڵێ هه‌رگیز
خۆشه‌ویستیم نه‌كردووه
فرمێسك ئه‌شارێته‌وه
لۆچ ئه‌خاته نێوچه‌وانی و
پێناكه‌نێ
بۆیه كه ئه‌ته‌قێته‌وه
هه‌موو ناخی دێته ده‌رێ و
ئاوێكی
ئاگرین
به چوارده‌ورا ئه‌پڕژێنێ"
- بوركان وای وت -
له كه‌لتوری كوردیدا زۆر جار پیاو وه‌ك چیا باسی لێده‌کرێ. زۆر كوڕ كه
له‌دایك‌ده‌بن، ناوی چیاكانی كوردستانیان له‌سه‌ر داده‌ندرێت، ئه‌و كێوانه یان
به‌رزن و یان ڕووداوێكی مێژوویی له‌وێنده‌رێ ڕوویداوه. كێ‌و هه‌میشه وه‌ک شوێنێك
باسی لێده‌کرێ كه پاڵه‌وپشتی پیاوان و ژنانه. پیاو له که‌لتوری كورده‌واریدا
هه‌مان تایبه‌تمه‌ندی هه‌یه كه كێ‌و هه‌یه‌تی. پیاو و كێ‌و هه‌ردوو به‌رزن. به‌ڵام ژن
بناره، ده‌شتی به‌ر پێی كێوه. ژن له خواره‌وه بۆخۆی كه‌وتووه، له كاتێكا كه پیاو
لوتكه‌یه.
"كێ‌و" مێتافۆرێكه بۆ ڕاوه‌ستان: پیاو كێوه كه قه‌ت نابه‌زێ و ده
به‌رامبه‌ر ته‌واوی دژواریه‌كاندا ڕاده‌وه‌ستێ. به‌ڵام ژن كاتێك بوونی هه‌یه كه
كێ‌و هه‌بێ و ده‌شت له بوونی لوتكه‌دا مانا په‌یداده‌كا. ژن وه‌ک ئه‌وی‌تر
بوونی‌هه‌یه و بۆشایی به‌پێی نیازی پیاو، پڕده‌كاته‌وه.
شاعیر كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د ئه‌و مێتافۆره سه‌روخوار ده‌كا و ته‌نیا هێزی كێ‌و نیشان نادا، به‌ڵكو تایبه‌تمه‌ند‌ییه‌کانی‌تری كێ‌و/ پیاو نیشانده‌دا. كێ‌و كه خۆی له ئه‌زمه و قه‌یراندا ده‌بینێ و كاتێك كه‌سانێك هه‌ن كه دژ به ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و ڕاده‌وه‌ستن، شێت ده‌بێ و ئاماده‌ی پڕژاندنی ئاگره به ده‌وروبه‌ری خۆیدا. ئه‌وه هه‌مان كاته كه ئیتر هه‌ست و خۆشه‌ویستی مانای نامێنێ. كێ‌و هێنده دڵی لای كه‌س نه‌كردۆته‌وه و له هه‌سته‌كانی پیرۆزی ئینسانی خۆی دووركه‌وتۆته‌وه؛ له قه‌واره‌ی ئینسانی خۆی چۆته‌د‌ه‌ر و بۆته بوونه‌وه‌رێكی سه‌رتر له ئینسان. كێ‌و بۆته قه‌یوومێك كه مافی تایبه‌تی هه‌یه. پیاو ده‌توانێ مانعی ژن بێ و مافه‌كانی ژن زه‌وت بكا و له ده‌ستی خۆی بگرێ. ته‌نانه‌ت ئه‌و ڕۆڵه هێنده په‌ره‌ی ساندووه و بێ سنووره كه ده‌توانێ ژن بكوژێ و ژیانی لێ بستێنێ. كه‌م نین ئه‌و ژنانه‌ی كه لوت و گوێیان ده‌بڕدرێ‌ن و ده‌كوژرێن، ته‌نیا به تاوانی خوشویستن. بڕینی لوت و گوێ كۆدێكه كه ئیمه ده‌زانین له چ كاتێكدا به‌كاردێت.
كاتێك میشێل فۆكۆ باس له ده‌سه‌ڵات و دژده‌سه‌ڵات ده‌كا، ئه‌وه دێنێته گۆڕێ كه ده‌سه‌ڵات ئاماده‌یه تاوان بكا، هه‌ر بۆئه‌وه كه بتوانێ خه‌ڵك بترسێنێ و ده‌سه‌ڵات ڕابگرێ. هه‌رچی دژده‌سه‌ڵات زیاتر بێت، ئه‌وه ده‌سه‌ڵات زه‌ختی خۆی زیاتر ده‌كا. ده‌نگی ژن وه‌ك دژده‌سه‌ڵات، ده‌بێته هۆی ئه‌وه كه كێ‌و وه‌ك بوركانێك ده‌وروبه‌ری خۆی بسوتێنێ. جووڵانه‌وه‌ی تاكی ژن له به‌رامبه‌ر پیاودا زۆر جار به کوشتن و سووتانی ژن ته‌واو ده‌بێ.
"ڕه‌شه‌با وتی
كڵیشه‌ی ئه‌م دنیایه‌م به دڵ نییه
هه‌وڵ ئه‌ده‌م به
وێرانكردن بیگۆڕم
پێم وت منیش وه‌كو تۆ به‌دڵم نییه
به‌ڵام ده‌مه‌وێ به
ئه‌وین بیگونجێنم"
- شه‌ماڵ وای وت -
له به‌رده‌ا‌ومی شیعره‌كه‌دا شاعیر به دوو تێڕوانینی جیاوازه‌وه ده‌ڵێ كه چوارچێوه‌كانی ئه‌م جیهانه‌ی خۆش ناوێ و خۆی له پۆزیشوونێك/ ڕه‌شه‌با داده‌نێ كه ده‌خوازێ دنیا سه‌روژێر بكا. به‌ڵام له هه‌مان كاتدا شه‌ماڵێكه كه ده‌خوازێ به شنه‌بای ئه‌وین جیهان بگۆڕێ. هه‌ڵبه‌ت ده‌كرێ بڵێین كه ڕه‌شه‌با ده‌توانێ ده‌سه‌ڵات بێ كه به وێرانكردن و یاسای دژ به ئینسانی ده‌خوازێ كه جیهان بگۆڕێ. گرینگ له‌و كۆپله شیعره‌دا ئه‌وه‌یه كه پلاتفۆرمی ژن بۆ ئاڵۆگۆڕ، ئه‌وینه بۆ دنیایه‌كی بێ شه‌ڕ. كۆده‌كانی ڕه‌شه‌با و شه‌ماڵ، ده‌كرێ وه‌ك دوو لایه‌نی ده‌سه‌ڵات و دژده‌سه‌ڵات و هه‌روه‌ها دوو لایه‌ن و دوو ده‌نگی جیاوازی ناو ده‌روونی خودی شاعیر بن كه ده‌یكاته "فاعل". هه‌روها لێره‌دا ده‌توانین دوو شێوه‌ی به‌ربه‌ره‌كانی له‌گه‌ڵ گرفته‌کان ببینین. ڕه‌شه‌با له پرۆسه‌یه‌کدا ده‌بێته شه‌ماڵ. هه‌مان پرۆسه كه سمێت باسی لێ ده‌كا. سمێت ده‌ڵێ كه ژنان له ژیانی ڕۆژانه‌دا توانایی و زانایی وه‌ده‌ستدێنن كه بتوانن دنیا و هه‌لوومه‌رجی ژیانی خۆیان بگۆڕن. شیعرنووسینی ژنان به‌شێكه له‌و پرۆسه و كه‌ره‌سه‌یه، بۆ ئاڵوگۆڕی ده‌روونی شاعیر و كۆمه‌ڵگه.
باسكردن له ئه‌وین به ئاشكرایی له شیعری شاعیرانی ژن‌دا، دوای 1980 به‌رچاوه. هه‌ڵبه‌ته زۆر پێشتریش بۆ وینه له شیعری مه‌ستووره‌ی كوردستانی (1805-1847) دا، باسی ئه‌وین به ئاشكرا هاتووه. به‌ڵام لیره‌دا ته‌نیا مه‌به‌ست له ئه‌وین به مانای كلاسیك نییه. شاعیر ده‌خوازێ بێته ناو جه‌رگی باسه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و له درووستكردنی جیهاندا به‌شداری بكا. شاعیر ده‌ڵێ كه ئێمه‌ی ژن به‌شێكین له‌و جیهانه كه توانایی و خه‌لاقییه‌تمان هه‌یه و به كار و ئه‌وینی خۆمان ده‌توانین به‌شێكی كارساز بین بۆ دنیایه‌كی ئارام. شاعیر به هیوای گۆڕان و لابردنی كڵیشه‌كانه. ئه‌و جنسێك نییه. ئه‌و تاریفه‌كانی پێشووی له چه‌مكی ژن قه‌بووڵ نییه و ئه‌و نۆرمانه‌ی كه دژی مافی ئینسانه دێنێته ژێر پرسیار. شاعیر به‌دوای درووستكردنه، نه‌ک ڕووخاندن.
"ڕێگا نه‌بوو
وشه‌کانم به قاچاغه‌ڕێدا هانی
ته‌قه‌یان لێ
كردم
ئه‌سپه‌كه‌م به‌ركه‌وت و
سه‌به‌ته گوڵه‌كه‌م ڕژا
هاواریان
لێ‌كردم: تۆ كێیت؟!
نا...، وڵامم نه‌دانه‌وه
چونكه ده‌مزانی
چه‌كبه‌ده‌ست
قه‌ت له قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ست ناگات!"
- ئه‌مه قسه‌ی شه‌هره‌زاده
-
"خود" له‌م كۆپله‌یه‌دا ژنێكی زامدار نییه و ده‌بێته فیگورێكی ئه‌به‌دی:" شه‌هره‌زاد". شاعیری ژن له" پرۆسه‌ی وه‌ده‌ستهێنانی زاناییدا" ئه‌گه‌رچی زۆر جار ئازادی لێ ده‌ستێندرێ، به‌ڵام به "دانش و خرد" ده‌گات. وشه قاچاخه‌كان سه‌رئه‌نجام هه‌ر ده‌بیسترێن. وشه‌كانی شاعیر هه‌مان وشه‌كانی شه‌هره‌زادن كه "هه‌زار و یه‌ک" شه‌وی به ناوكرا. ئه‌و، ڕۆشنبیرێكه كه زۆر پرسیار له مێشكی‌دا خوولده‌خۆن. شه‌هره‌زاد ژیانی خۆی وه‌خه‌ته‌ر ده‌خا بۆئه‌وه كه هه‌م خۆی و هه‌م ژنانی‌تر نه‌جات بدا. نه‌جاتدانێك له ڕێگای وشه‌وه.
ئێدوارد سه‌عید له كتێبی به‌رپرسایه‌تی ڕۆشنبیر دا باسی ئه‌وه ده‌كا كه ڕۆشنبیر كه‌سێكی سه‌ربه‌خۆ و به‌ئیراده‌یه، ئه‌گه‌رچی ڕه‌نج ده‌با، به‌ڵام توانایی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه باوه‌ڕ و ئیده‌ی خۆی بێنێته مه‌یدان. له‌و كۆپله شیعره‌دا ده‌بینین كه چۆن شاعیر له ژیانی ڕۆژانه‌ی ژنان ده‌دوێت. شاعیر له باری فیزیكییه‌وه بێ‌توانایه و چه‌كبه‌ده‌ست نییه و شه‌ڕ ناكا، به‌ڵام به وشه و بیری خۆی، ده‌سه‌ڵاتی چه‌كبه‌ده‌ستان و پیاوان دێنێته ژێر ڕه‌خنه. پاشماوی سیسته‌م و یاساكانی به‌عس، که‌لتوری دژ به ژن، ته‌نگیان به ژنان هه‌ڵچنیوه. سیستێم و که‌لتور به ڕۆژێك ناگۆڕێت و پرۆسه‌یه‌كی درێژخایه‌نه. شاعیر باس له‌و شوێن و كاته دژواره ده‌كا كه هیچ ده‌ره‌تانێك ناهێلێته‌وه بۆ دیالۆگ. ده‌سه‌ڵات ڕێگا نادا وشه‌كان به ئازادی بڵاوببنه‌وه. ته‌نانه‌ت ته‌قه له شاعیر/ ڕۆشنبیر ده‌کرێت. له شاعیر ده‌پرسن كه كێیه؟! ئه‌و كه‌سانه كێن كه پێش به وشه ده‌گرن؟ بۆ ئه‌سپ/ نیشانه‌ی ئازادی، ده‌ستڕێژ ده‌كه‌ن؟ بۆ كارێكی وا ده‌كه‌ن كه شاعیر گوڵه‌كانی، واته وشه‌كانی، لێ بڕژێ؟ به‌شێك له خود و گیانی شاعیر واته ئه‌سپ ده‌ئه‌نگوترێ. واته ده‌سه‌ڵات به كرده‌وه‌ی خۆی ده‌ستدرێژی ده‌كاته سه‌ر هه‌ست و بیری شاعیر.
ئه‌و كه‌سانه، ئه‌و چه‌كبه‌ده‌ستانه هه‌ر هه‌مان پاشماوه‌كانی به‌عس،
به‌كرێگیراوانی ده‌وڵه‌تانی‌تر و بگره نه‌یارانی ناوخۆیین كه مافی شاروه‌ندی خه‌ڵك
به ئاكاری دژی ئینسانی خۆیان له‌ژێرپێ ده‌نێن. كاتێك چه‌ك قسه ده‌كا، كاتێك چه‌ك
له‌ناو خه‌ڵكدا بڵاوه، كاتێك گرووپه‌كانی ڕادیكاڵ چه‌ك و ئایدۆلۆژی به‌كاردێنن،
هه‌لومه‌رجی ناله‌بار پێكدێت و ئاسایش له ئینسانه‌كان ده‌ستێندرێ. لێره‌دا بیری
سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاسته كه بڕیار ده‌دا تا ده‌نگه‌كان خه‌فه‌كرێن و له‌ژێر ناوی
جوراوجۆر ده‌ستدرێژی ده‌كاته سه‌ر ژیانی تاك و كۆمه‌ڵ. زۆر جار ده‌ستدرێژی بۆ مافی
ژنان خۆ له بن نێوی جوراجۆردا ده‌شارێته‌وه. فاكته‌ره‌كانی سیاسی، ئێكۆنۆمی،
ئایینی و که‌لتوری، پێكه‌وه ده‌ست له‌ناو ده‌ست، تۆڕێكی ئاڵۆز ده‌چنن. ده‌سه‌ڵات
به بۆچوونی فۆكۆ حه‌قیقه‌ته‌کانی خۆی دروست ده‌كا. به مانایه‌ك، هه‌م واقعیه‌تی
ڕۆژانه و هه‌م خه‌یاڵ به‌شێكن له ئاكامی مێكانیسمی ده‌سه‌ڵات. ده‌سه‌ڵات ده‌توانی
زۆر كرده‌وه وه‌ك "شتێكی نورماڵ و قه‌بوڵكراو" نیشان بدا.
هاوكات له‌گه‌ڵ
ئه‌وه، كه‌لتور زیندانێك نییه كه ده‌ست ببه‌ستێ. و به‌رده‌وام كه‌لتور له گۆڕان
دایه. تاك زۆر جار ڕۆڵێكی گرینگی بۆ گۆڕانكاری هه‌یه و ده‌توانێ سه‌ربه‌خۆ
ده‌ستبه‌كار بێت. هه‌ر بۆ وێنه كه‌ژاڵی شاعیر، له "كوردستانی نۆێ" دا ستونێكی
تایبه‌ت به خۆی هه‌یه كه ده‌توانێ له وێنده‌رێ بنووسێ. هه‌ڵبه‌ته ئه‌و كاره
له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی لایه‌نێكی سیاسی تایبه‌ت دایه و به‌پێی بۆچوونی ئێدوارد سه‌عید،
ده‌توانین بڵێین كه سه‌ربه‌خۆ نییه، به‌ڵام گرینگ ئه‌وه‌یه كه تاك بتوانێ له
ژێرده‌سه‌ڵاتیشدا خۆی فۆرموله بكا، سه‌ربه‌خۆ بێ و كاریگه‌ری دا‌نێت.
ژنان مافی خۆیانه كه له مێدیاكان، گۆڤاره‌كان، رادیۆ هتد كه‌ڵك وه‌ربگرن. ئێستا له كوردستان به سه‌دان كچ شیعر له ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كاندا بڵاوده‌که‌نه‌وه و كاری ژورنالیستی ده‌که‌ن. ئه‌و ئیمكانه ده‌كرێ له خزمه‌ت جووڵانه‌وه‌ی ژناندا بێت. هه‌ر له ئاكامی ئه‌و جووڵانه‌وه ڕه‌وایه‌دا ساڵی 2000 یاسایه‌كی تازه له پارله‌مانی كوردستان ئیمزا كرا كه "كوشتن له‌ژێر ناوی نامووس و شه‌ره‌ف" به قه‌تڵ ده‌ناسرێت و سزا ده‌درێت.
پرسیار له شاعیری خۆشه‌ویست ژیلا حوسێنی، كتێبی گه‌شه‌ی ئه‌وین:
"سه‌رپۆشه شڕه‌كه‌ی دایكم
ده‌سبه‌رداری سه‌رم نابێ و
ئه‌ڵێ: من
هی داپیره‌تم
ڕه‌نگه ئه‌ویش له داپیر‌ه‌ی خۆیه‌وه بۆی به‌جێ مابێ
سه‌ریشم
په‌نجه‌ره‌ی تاقبازی به‌ره‌و ئاسمانه
حه‌زئه‌كا ڕۆژان میوانداری هه‌تاو
بكات
شه‌وانیش مانگ و ئه‌ستێره.
چاویلكه‌یه‌كی قه‌ترانیش له دایكم بۆ
ماوه‌ته‌وه
ئه‌ڵێ: دنیا هه‌ر ئه‌مه‌یه تۆ ئه‌ی‌بینی
له‌گه‌ڵ هه‌ر گرمه‌ی
هه‌ورێكا، قارچكی سه‌د پرسیاری
دووپات و تازه‌ش
له چاوانما
هه‌ڵه‌تۆقێت."
ژیلاحوسێنی كتێبی" گه‌شه‌ی ئه‌وین" ی له ساڵی 1994دا بڵاوده‌كاته‌وه.
ئه‌وه به‌و مانایه‌یه كه شیعره‌كانی ناو ئه‌و كتێبه له سه‌رده‌می حكومه‌تی جمهوری
ئیسلامی‌دا نووسراون. واته له‌م ده‌ورانه‌دایه كه ژنان ده‌بێ چارشێو و حیجابیان
هه‌بێ و له شه‌قامه‌كان له‌گه‌ڵ نامه‌حره‌م ڕانه‌وه‌ستن و هتد.
ژیلا به‌و
شیعره كۆنتروڵ و ده‌سه‌ڵات له زاویه دیدێكی كه‌لتورییه‌وه دێنێته ژێر ڕه‌خنه.
شاڵ و سه‌رپۆش، كه له دایه‌گه‌وره‌کانه‌وه بۆ ژن ماوه، ده‌ست له سه‌ری شاعیر
هه‌ڵناگرن. سه‌رپۆش كه قژ داده‌پۆشێ، سیمبۆلی ئیختێناق و گوشار، بۆ شاعیر هیچ
نرخێكی نییه. ئه‌وه كه ژن ده‌بێ شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت له جلوبه‌رگی هه‌بێ، به‌شێكه له
مێكانیسمی كۆنترۆڵ له لایه‌ن پیاوسالاری و ده‌سه‌ڵاته‌وه. چۆنیه‌تی
لیباس‌ده‌به‌ركردنی منداڵان هه‌ر كه له دایك ده‌بن، واته ئه‌گه‌ر كوڕ بن لیباسی
شین و ئه‌گه‌ر كچ بن لیباسی سوره‌تیان ده‌به‌رده‌كرێ، هه‌نگاوی هه‌وه‌ڵه كه
كه‌سایه‌تی ژنانه‌بوون/ پیاوانه‌بوون، ده‌داته ئینسانه‌كان. سه‌رپۆش كه
نیشانه‌یه‌كی ژنانه‌یه، ئیتر بۆ شاعیر نۆرمێكی پیرۆز نییه، به‌ڵكو ئه‌و ده‌خوازێ
ئه‌و نۆرمه كۆنه فڕێ بدا. شاعیر له ئه‌و میرات و نۆرمانه كه خودی ژنان
هه‌ڵگریبوون و له ڕۆڵی دایه‌گه‌وره‌کان فاسیله ده‌گرێ و خۆی وه‌ك ئینسانێك/
فاعیلێك ده‌بینێ، نه‌ک جسمێكی ژنانه كه ته‌ماشاكردنی خه‌ته‌ر‌بێ. وشه‌ی سه‌رپۆش بۆ
ئه‌وه دێت كه جێگا بۆ نۆرمێكی تر، واته ڕزگاری له قه‌یدوبه‌ندی جلوبه‌رگ، خۆش‌كا.
بیۆرك پێی وایه كه ژنانه‌بوون ئه‌زمونێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه كه له جلوبه‌رگ و زمان
و سیسته‌مدا خۆ نیشانده‌دا. ئه‌وه كه ژن ده‌بێ جۆرێك لیباس ده‌به‌ربكا و جۆرێك
بجووڵێته‌وه، به‌شێكه له‌و كه‌سایه‌تییه كه ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالار به‌سه‌ر ژنی
داده‌سه‌پێنێ. ژن ده‌بێ ژنانه بێ، چونكه ده‌سه‌ڵات ده‌خوازێ كه ژنانه‌بوون وه‌ك
شتێكی سرووشتی و زگماكی كه له‌گه‌ڵ مروڤ له‌دایك ده‌بێ نیشان بدا، تا بتوانێ
ده‌سه‌ڵات به‌پێی‌جنس دابه‌ش بكا. ته‌واوی ئه‌و شتانه ده‌بنه هۆی ئه‌وه‌ی كه ژن
ژێرده‌سته وه‌مێنێ و سه‌رپۆش ده‌بێته هۆی ئه‌وه كه ژن وه‌ك جسم، نه‌ک ئینسان،
ده‌بیندرێ. ئه‌وه ئه‌زموونێكه كه پیاوان نییانه.
ژیلا باسی ئه‌وه ده‌كا كه چۆن ته‌نانه‌ت چاویلكه كه بۆ باشتر دیتن ده‌بێ به‌كاربێت، دید و زاویه‌ی بینینی شاعیر ده‌گۆڕن. ئه‌و جۆره‌ی كه ده‌سه‌ڵات ته‌نزیمی ده‌كا. مێتۆدی سمیت له لێكۆلینه‌وه‌كانی سه‌باره‌ت به ژیانی ژنان نیشان ده‌دا كه چۆن ژنان له ژیانی ڕۆژانه‌دا به‌رده‌وام "دوگانگی" ته‌جرووبه ده‌كه‌ن. ئه‌و ئه‌زموونه ده‌بێته كاكڵی هه‌ڵوێستگرتنی ژنان. ژیانی ڕۆژانه له لایه‌ن هێزه‌كانی باڵاده‌ست ئۆرگانیزه ده‌کرێ. شاعیر ناچار ده‌کرێ كه له چوارچێوه‌دا جیهان ته‌ماشا بكا و ده‌ست له كونجكاوی هه‌ڵگرێ.
كاتێك فۆكۆ ده‌سه‌ڵات ته‌وسیف ده‌كا، نیشان ده‌دا كه چۆن ده‌سه‌ڵات
پێناسه‌ی كه‌سایه‌تی دروست ده‌كا. فۆكۆ ده‌ڵێ كه ئایدێنتیتی له پێوه‌ندییه‌كانی
كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌سه‌ڵات جیا نین. ده‌سه‌ڵات به‌هۆی چاویلكه‌یه‌كی ڕه‌ش ده‌خوازێ
جیهان تاریك و ته‌نگ نیشان بدا، به چه‌شنێك كه دیدی شاعیر كه‌م بێته‌وه و
خه‌یاڵه‌كانی لێ بستێنێ و یان شكڵێكی تریان بداتێ.
به‌ڵام شاعیر چی هه‌یه جگه
له پرسیار؟ به هه‌ر زه‌ختێك، قارچكی پرسیار هه‌ڵ ئه‌تۆقنه‌وه و ژنان به‌دوای
ڕێگاچاره و وڵامدا ده‌گه‌ڕێن تا كه‌سایه‌تییه‌كی تازه بۆخۆیان
سازبكه‌ن.
"ئایدێنتیتێت حاڵه‌تێكی ڕاوه‌ستاو/ ثابت و لامتغیر نییه". ئایدێنتیت پرۆسه‌یه‌كه كه به‌رده‌وام له حاڵی گۆڕان و پێكهاتنه. Giddens پڕۆفێسۆر له كۆمه‌ڵناسی، باس له‌وه ده‌كا كه له جیهانی ئیمڕۆدا، تێكنیكی باڵا، ئامرازی پێوه‌ندی و مێدیا، شۆێنێكی تایبه‌تیان هه‌یه بۆ كاركردن له‌سه‌ر ئیندیڤید و ئیمكانی تاك بۆ ئه‌وه كه پێوه‌ندی سازبكا به‌بێ ئه‌وه كه فاكته‌ره‌كانی جێگا و كات، گرفتێك دروست بكه‌ن. فاكس، ساته‌لایت، ڕادیو، پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی ده‌ره‌وه و باڵاتر له هه‌موان، هێزی خودی خه‌ڵك و ویستیان بۆ گۆڕانكاری له كۆمه‌ڵدا، ڕۆڵی به‌رچاویان هه‌یه له‌سه‌ر ئیندیڤید.
تاكه‌كان توانایی ئه‌وه‌یان هه‌یه كه سازنده‌ی ژیانی خۆیان بن. له هه‌ر ساتێك كه ژن له به‌رامبه‌ر پیاوسالاری و ده‌سه‌ڵاتدا ڕاد‌ه‌و‌ستێ، پرسیاره‌کان دووباره و سه‌دباره ده‌بنه‌وه. وه‌ك تاك، بیر و هۆشی شاعیر، په‌نجه‌ره‌یه‌كی ڕوو به ئاسمانی تێدایه كه ده‌توانێ میوانداری هه‌تاو، مانگ و ئه‌ستێره‌كان بكا. په‌نجه‌ره‌کان ده‌بێ بكرێنه‌وه هه‌تا بیری تازه و نوێ بێته مه‌یدان و گه‌نده‌ڵ و گه‌نیو بڕۆن. شاعیر به كه‌ڵكوه‌رگرتن له ژیانی ڕۆژانه و پێوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ئه‌و "دوگانگی"یه، به سیمبۆله‌كانی سه‌رپۆش، چاویلكه، ئاسمان و په‌نجه‌ره، نیشان ده‌دا. ئه‌و ته‌زادانه، ده‌بنه هۆی ئازار و ناكۆكی له ده‌روون و خه‌یاڵی كه‌سه‌كاندا، كه به بۆچوونی سمیت ده‌بنه هۆی پرۆسه‌ی زانایی وه‌ده‌ستهێنان و سه‌رئه‌نجام هۆی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگاكان.
دوكتور سه‌عید پێوه‌ندی، باس له‌وه ده‌كا كه ڕاده‌ی دانشجویانی كچ له ئێران زیاتر له 60%ه. پێوه‌ندی باس ده‌كا كه كچان هه‌رچی زۆرتر بۆ لای خوێندن ده‌ڕۆن تا كه ڕێگای به‌ربه‌ره‌کانی بدوزنه‌وه و ئازادبن. "زانست و خرد"، توانایی به ئینسانه بێده‌سه‌ڵاته‌كان ده‌دا و به‌م چه‌شنه كچان له ماڵه‌وه دێنه ده‌ر و تامی ئازادی ده‌چێژن و دنیای ده‌ره‌وه ته‌جره‌به ده‌كه‌ن.
شیعری "جه‌ژن و جه‌نگ"، سارا فه‌قێ خدر، 8- مارس- 1995 نووسراوه.
"له‌م جه‌ژنه كپ و خامۆشه‌دا
ته‌نها شتێك خرۆشاوه
ته‌نها شتێك
ناخی سڕبووم ده‌هه‌ژێنێ
ته‌نها یه‌ك شت!
تارمایی ئه‌و شێره‌ژنانه‌ی
له
شه‌وێكی سارد و سڕدا
له‌سه‌ر چنگ، به هه‌ورازێكی سه‌ختدا هه‌ڵده‌زنێن
ئه‌و
ژنانه‌ی
خه‌و چاوانی جێ هێشتوون و
مایه‌ی ساخته قاقای پیاوانن
سه‌دان
تۆمه‌ت:
لادان له یاسا پیرۆزه‌كان!
به‌ڕه‌ڵایی، بێ‌ئاوه‌زی،
بێ‌ئابڕوویی
بێ... بێ... بێ هه‌موو شتێك!
جه‌ژنه و
له‌م خۆرهه‌ڵاته خۆرئاوابووه‌دا
پیاوی خاوه‌ن ژن و
وڵات و
جه‌نگ
ده‌كوژێ و
ده‌كوژرێ و
میراتی
مه‌ینه‌تییه‌كان
بۆ ژنی خاوه‌ن هیچ جێ ده‌هێڵێ!
جه‌ژنه و
شه‌پۆله‌كانی سروودی جه‌نگ
گه‌رده‌كانی هه‌وا ده‌خاته
سه‌ما
بۆنی مه‌رگ په‌خش ده‌كا
به‌ڵام ده‌ریای خه‌بات و جه‌ژنی ئێمه
به
ده‌می سه‌گی ئه‌م جه‌نگه پیس نابێ!"
هه‌میشه و له هه‌موو شوێنێك، كه‌سانێك هه‌ن كه یاسا و نۆرمه‌كانی به‌ڕ‌واڵه‌ت پیرۆز، بشكێنن. له‌و شیعره‌دا پارادۆكس/ دژایه‌تی یه‌ک، له تێڕوانینی جۆراوجور به مافه‌كانی ژنان نیشان‌ده‌درێ. له چاوی شاعیردا ئه‌و ژنانه‌ی كه سنووره‌كان ده‌شكێنن، قاره‌مانن. به‌ڵام له چاوی ده‌سه‌ڵاتدا، ئه‌و ژنانه خه‌تاكار ده‌بیندرێن. ئه‌و ژنانه ده‌بنه هۆی گۆڕانكاری و په‌یدابوونی نۆرمی تازه كه پیاوسالاری دێنێته ژێرپرسیار. هێندێك جار ئه‌و ژنانه به بێ‌ئه‌خلاق ناوده‌بردرێن. سێبه‌ری ئه‌و ژنانه ده‌روونی شاعیر ده‌هه‌ژێنێ. سێبه‌ری ژنانی ناسراو و نه‌ناسراو كه له شه‌وانی سارد و سڕدا به هه‌ورازه سه‌خته‌كاندا سه‌رده‌كه‌ون. ئه‌و شه‌وانه بۆ جێژن ده‌شێن و كاتێكی پیرۆزن كه هه‌موو كه‌س جێژنیان ناگرێ، به‌ڵكو ته‌نها هی ئه‌وانه‌یه كه له به‌رامبه‌ر تانه و ته‌شه‌ر و تۆهمه‌تدا ڕاده‌وه‌ستن، ئه‌وانه‌ی كه خه‌و له چاوانیان بزربووه.
بۆ ده‌بێ كاتی جێژن ئاوا سارد و بێده‌نگ بێ؟ ئایا ئه‌و شه‌وانه، شه‌وانی
كوشتنی ژنان له‌ژێر ناوی "نامووس و شه‌ره‌ف" نییه؟ ئایا ئه‌و شه‌وانه ده‌ورانی
تێپه‌ڕكردن/ گذار نییه؟ ئه‌و بڵندیانه كه ده‌بێ ژنان به‌سه‌ریدا زاڵ بن چین؟ ئایا
هه‌مان نۆرمه گیان سه‌خته‌كان نین كه چه‌نگیان پێویسته تا بتوانێ به‌سه‌ریاندا
زاڵ بێ؟ ئه‌و كه‌لتوره تا بگۆڕدرێ، گیانی سه‌دان كه‌سیان قووتدا‌وه. ئه‌و
گرفتانه ڕیشه‌یه‌کی قووڵیان هه‌یه و هێندێك جار كار بۆ گۆڕان زۆر دژواره.
ئه‌و
شه‌وانه بێده‌نگن، واتا زۆر كه‌س زوڵم له ژنان ده‌بینن به‌ڵام هه‌ڵوێست ناگرن.
ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی كه ناوی خۆیان داناوه ڕۆشنبیر. ئه‌وان به بێده‌نگی خۆیان،
ڕێگایان بۆ گرووپه كه‌لله‌ڕه‌قه‌كان و ده‌سه‌ڵاتی پیاو خۆش كردووه كه مافه‌كانی
ئینسانی بخرێنه ژێر پێ. بێده‌نگی هێندێك جار یاسایه‌كی نه‌نووسراوه كه ده‌سه‌ڵات
له مێكانیسمی خۆیدا هارتر ده‌کا.
تا ئێستا به سه‌دان كچ له‌ژێر ناوی شه‌ره‌فدا كوژراون، چونكه نه‌چوونه‌ته ژێرباری زوڵم. فۆكۆ باس له‌وه ده‌کا كه چۆن ده‌سه‌ڵات له ڕێگای دیسپلین، كۆنترۆڵ و نۆرماڵ نیشاندانی یاساكان، خۆی داده‌سه‌پێنێ. ده‌سه‌ڵات پێوه‌ندی نێوان ئینسانه‌كان كۆنترۆڵ ده‌كا و هه‌موو شتێك له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵات، دژ به یاسا و نۆرم ده‌ناسێنێ. پێوه‌ندی نێوان جنس و ده‌سه‌ڵات له چوارچێوه‌ی زه‌ختدا ده‌توانین بێنینه به‌ر باس. ده‌سه‌ڵات جسمی ژن ده‌كاته شتێك كه "هیستری سازده‌كا" و ده‌بێ كۆنترۆڵ بكرێ.
ڕووناكی وڵاتی شاعیری جێ هێشتووه. له‌م وڵاته‌دا پیاو ساحێبی جسم و
ڕۆحی ژنه. پیاو خاوه‌نی هه‌موو شتێكه له كاتێكدا كه ژن نه خۆی هه‌یه و نه "هیچ".
له‌م وڵاته‌دا شه‌ڕ به‌رده‌وامه. پیاو چ بكوژێ و چ بكوژرێ، میراتی خه‌م بۆ ژن
جێده‌مێنێ. شه‌ڕی ناوخۆیی و شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داگیركه‌ران، ئاسه‌واری قووڵی له‌سه‌ر
كۆمه‌ڵگه داناوه و به‌شێك له په‌یامه‌دی نێگاتیڤی ئه‌وه بۆ ژنان
بووه.
هه‌روه‌ها له‌ژێر ناوی نامووسدا، ژن ده‌كه‌وێته به‌ر په‌لامار. ژن
ژێرده‌سته‌یه و شاعیر خه‌مگین، به‌ڵام هومێد هه‌یه. ته‌نیا ڕێگا بۆ له‌ناوبردنی
ئه‌و درزه قووڵه، تێكۆشانه.
هه‌رچه‌نده پروپاگانده بكرێ و به‌رچه‌سب لێبدرێ،
ده‌ریا، نمادی زایش و خاوێنی كه له‌م شیعره‌دا بارێكی زۆر پۆزێتڤی هه‌یه، به
ده‌می سه‌گ ئالووده نابێ. دووباره شاعیر، تێمێك به دوو نیگا دێنێته ئارا.
ده‌ریای بێكه‌ران، به‌و پیسی‌یه كه تێیداوێن، گڵاو نابێ. لێره‌دا ژن و
جووڵانه‌وه‌ی ژنان به مێتافۆری ده‌ریا ناویان دێت. هه‌میشه خه‌ته‌ری لۆمه و
تۆهمه‌ت هه‌یه، به‌ڵام تازه مارشی ژنان وه‌ڕێكه‌وتووه و پێشی ناگیرێت. به‌م جۆره
ته‌نیا ڕاوه‌ستان له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالاردایه كه ده‌توانێ ببێته هۆی
ئاڵوگۆڕی بنه‌ڕه‌تی له دیدمان بۆ دوو چه‌مكی حه‌قێقه‌ت و ئه‌خلاق. پێوه‌ندییه‌كانی
ناو ده‌سه‌ڵات یه‌كلایه‌نه نین و به‌بێ دژده‌سه‌ڵات، ده‌سه‌ڵات مانای نییه.
به‌رئه‌نجام
زۆر ژن له كوردستان ده‌ستیان داوه‌ته نووسین و
ده‌خوازن پۆزێشوونی ژن له كۆمه‌ڵگه‌دا بگۆڕن. ئه‌و ژنانه له ئۆپۆزیشوون/
دژده‌سه‌ڵاتدا جێگا ده‌گرن و به ئاواتن ساختاری ده‌سه‌ڵات بگۆڕدرێ. ژنانی شاعیری
كورد له فازی سه‌رگه‌ردانی و ئێلیناسیۆن هاتوونه‌ته ده‌ر و له‌پێناو په‌یداكردنی
كه‌سایه‌تییه‌كی تازه، ده‌ستیان داوته ئازادنووسین و دووری كردن له خودسانسۆری.
جووڵانه‌وه‌ی ژنانیش یارمه‌تیده‌ری ئه‌وانه‌ن كه ئازایانه‌تر بنووسن.
شاعیرانی ژن وه‌ك تاكی ڕۆشنبیر، ڕۆڵی كاریگه‌ریان هه‌یه بۆ ئاڵوگۆڕ.
نووسین بۆ ئه‌وان وه‌ك كارێكی پڕمانایه كه دواتر به بڵاوبوونه له‌ناو خه‌ڵكدا
باسوخواسی له‌سه‌ر ده‌کرێ، واته نووسینی ژنان ده‌بێته كارێكی ڕۆشنبیری كه
ئۆرتۆدۆكسی، دۆگمه‌كان و هێژمۆنی پیاو دێنێته ژێر پرسیار.
ژنانی نووسه‌ر و
جووڵانه‌وه‌ی ژنان پێكه‌وه گفتمانێك/ دیسكۆرسێكی فێمێنیستی پێكدێنن. شاعیرانی ژن
ژیانی ڕۆژانه و ئه‌زموونه‌كانی خۆیان و ژنانی‌تر ده‌كه‌نه تێكست و ده‌خوازن كه
دیتنی ژن وه‌ك جنسی دووه‌م نه‌مێنێت. ژنان ئاماده‌ن كه هێز و توانایی خۆیان،
ئه‌وین، خه‌و‌ن و ئه‌زموونه‌كانیان بۆ سازكردنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه تێیدا ژن به‌هۆی
زمان، بیۆلۆژی و مێژوو، جنسی دووه‌م نه‌بێ، به‌كاربێنن و به‌هیوان كه ئینسان له
دوو كاتێگۆری ژن/ پیاودا، دابه‌ش نه‌كرێت و هه‌لومه‌رجێك پێكبێت كه ژن/ ئینسان،
وه‌ك ئینسان چاولێبكردرێن نه‌ک وه‌ک جنس.
تێبینی
• ئه‌م لێكۆلینه‌وه‌یه پاییزی 2001 له زانكۆی سۆدێرتۆرن
Södertörn ستۆكهۆڵم، به زمانی سویدی نووسراوه. 30 لاپه‌ڕه.
• سێپتامبری 2004 بۆ
هه‌وه‌ڵ جار به‌شێك له لێکۆڵینه‌وه‌که بۆ پێشكه‌شكردن له كۆنگره‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی
ژنانی كورد له زانكۆی تاران كراوه‌ته كوردی. 14 لاپه‌ڕه.
• نۆڤامبه‌ری 2004
به‌شێکی کورتکراوی وتاره‌که به کوردی بۆ سایتی دیمانه ئاماده کراوه. 12 لاپه‌ڕه. •
هێندێك چه‌مك به‌رامبه‌ره‌كه‌یان به فارسیش هاتووه بۆئه‌وه‌ی یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ
ئاسان ناسینه‌وه. هێندێك فاكته‌ریش مومكینه له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ئاڵ‌وگۆڕیان
به‌سه‌ردا هاتبێت.